موسڵ‌ یه‌ك شێوه‌و ره‌نگ ده‌پۆشێت

 عه‌بدوڵڵا سالم | موسڵ | 25.07.2013


source

موسڵی‌ ئێستا زۆر جیاوازه‌ له‌چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و جێگه‌یه‌ی‌ به‌شاری‌ پێكه‌وه‌ ژیان‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ كه‌مایه‌تییه‌كان ناسرابوو، له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ شێوه‌ی‌ گۆڕاوه‌و به‌زه‌حمه‌ت كه‌سێك ده‌بینیت به‌رگی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ خۆی‌ پۆشیبێت.

 

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب به‌شی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاته‌كانی‌ موسڵ‌ پێكده‌هێنێت، به‌ته‌نها به‌رگی‌ فۆلكلۆری‌ عه‌ره‌بی‌ شوێنی‌ پێ‌ لێژ نه‌كراوه‌، هه‌رچی‌ كوردو مه‌سیحی‌‌و توركمان‌و ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌و شاره‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین، پێده‌چێت ئه‌مڕۆ به‌رگه‌كه‌ی‌ خۆیان له‌بیر كردبێت.

 

هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ پاكتاوكردن‌و به‌زۆر كۆچپێكردن كه‌ ساڵانی‌ بێسه‌روبه‌ره‌یی‌‌و تیرۆر كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ موسڵی‌ گرتبۆوه‌، بووه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نها له‌مۆزه‌خانه‌ی‌ فۆلكلۆری‌ میللی‌ زانكۆی‌ موسڵ‌ جل‌و به‌رگی‌ ئه‌و كه‌مایه‌تییانه‌ به‌دی‌ بكرێت.

 

حامید غانمی‌ توێژه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌تا مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2004 هێشتا ئه‌و جل‌و به‌رگانه‌ به‌دی‌ ده‌كران، به‌ڵام له‌دوای‌ ئه‌و رێكه‌وته‌وه‌ به‌هۆی‌ شكستی‌ سوپاو شه‌ڕی‌ كه‌مه‌رشكێنی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاو چه‌كدارانی‌ قاعیده‌، ئیتر ئه‌و به‌رگانه‌ باویان نه‌ما.

 

حامید ده‌ڵێت "به‌مه‌به‌ست كه‌مایه‌تییه‌كان كرانه‌ ئامانج‌و چه‌ند كه‌نیسه‌یه‌ك ته‌قێنرانه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ له‌ناوبران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ له‌ناوبردنی‌ كوردو توركمان‌و ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ زمان‌و جل‌و به‌رگ‌و شوناس ده‌كرانه‌ ئامانج، بۆیه‌ كه‌مایه‌تییه‌كان شاره‌كه‌یان جێهێشت‌و جل‌و به‌رگه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ‌ خۆیاندا برد، ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ مانه‌وه‌ ئیتر نه‌یانوێرا ئه‌و جلانه‌ له‌به‌ر بكه‌ن".

 

نه‌رمین عه‌بدولكه‌ریم كه‌ چل ساڵه‌ خه‌ریكی‌ پیشه‌ی‌ به‌رگدرووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌رابردوودا به‌رگدرووه‌ میلییه‌كان له‌بازاڕه‌كانی‌ هه‌ردوو به‌ری‌ موسڵدا هه‌بوون، به‌تایبه‌تی‌ له‌بازاڕه‌كانی‌ نه‌بی‌ یونس‌و بازاڕی‌ كورده‌كان، ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ كه‌س به‌سه‌رای‌‌و شه‌قامی‌ حه‌له‌ب ناویده‌به‌ن.

 

نه‌رمین رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ جل‌و به‌رگه‌وه‌ زۆر ئاسان بووه‌ نه‌ته‌وه‌كان بناسرێنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ پیاوانی‌ كورد "رانك‌و چۆغه‌"یان له‌به‌ردا بووه‌و ژنانیش جلی‌ كوردی‌.

 

نه‌مین ده‌ڵێت "ژنه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ناوچه‌ی‌ قه‌ره‌قوش‌و ته‌لكێف جلی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بووه‌، به‌ڵام دیارترین به‌شی‌ ئه‌و پارچه‌ قوماشه‌ بووه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ پشت درێژ بووه‌ته‌وه‌و نیوه‌ی‌ له‌شی‌ داپۆشیوه‌".

 

هه‌رچی‌ پیاوانی‌ مه‌سیحیشه‌ دشداشه‌ی‌ عه‌ره‌بییان له‌به‌ر كردووه‌ له‌گه‌ڵ‌ چاكه‌تێكی‌ درێژداو په‌ڕۆیه‌كیان له‌سه‌ریان ئاڵاندووه‌.

 

ئێزدییه‌كانیش به‌رگی‌ خۆیان هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ پیاوانیان به‌رگێكی‌ ئاساییان هه‌بووه‌، به‌ڵام كراس‌و دشداشه‌كانیان بێ‌ ئێخه‌ بووه‌‌و به‌هۆی‌ نه‌ریته‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌ شینیان نه‌پۆشیوه‌، ژنانیش كراسێكی‌ سپی‌ فشیان له‌به‌ردا بووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ جار شاڵێكی‌ سوریان كردووه‌ به‌له‌چك.

 

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ له‌موسڵدا نه‌ماون، به‌ڵام هه‌رگیز له‌یاده‌وه‌ری‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا كاڵنابنه‌وه‌و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ پۆشینیان، وه‌ك جه‌ژنی‌ نه‌ورۆزی‌ كوردو جه‌ژنی‌ جمای‌ ئێزدی‌‌و له‌دایكبوونی‌ مه‌سیح، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌شیان زۆر ناكه‌وێته‌ به‌رچاو.

 

كامه‌ران سه‌عید (35 ساڵ‌) یه‌كێكه‌ له‌و پیاوه‌ كوردانه‌ی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ جلی‌ كوردی‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌ویش به‌هۆی‌ هاتوچۆی‌ له‌نێوان موسڵ‌‌و دهۆك ناچاره‌ هه‌ندێجار جله‌ كوردییه‌كانی‌ بگۆڕێت به‌پانتۆڵ‌‌و كراس، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌و جلانه‌دا ئاسووده‌ نییه‌، به‌ڵام ناچاره‌ له‌به‌ر تیرۆریستان ئه‌وه‌ش بكات.

 

هه‌ر كاتێك كامه‌ران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دهۆك یه‌كسه‌ر به‌رگه‌ كوردییه‌كه‌ی‌ ده‌پۆشێته‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ساڵانی‌ هه‌شتاكان موسڵ‌ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو، بیرم دێت له‌ناوچه‌ی‌ باب شه‌مسی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌ ده‌ژیاین‌و باوك‌و براكانم بێ‌ هیچ كێشه‌یه‌ك جلی‌ كوردییان ده‌پۆشی‌."

 

كامه‌ران به‌خه‌مبارییه‌وه‌ باسی‌ ئه‌و دۆستانه‌ی‌ ده‌كات كه‌ له‌نێوان ساڵانی‌ 2004 بۆ 2006 كوژراون، یه‌كێك له‌وانه‌ سه‌ربه‌ستی‌ هاورێی‌ بووه‌ كه‌ پاش چه‌ند كاتژمێرێك له‌رفاندنی‌ ته‌رمه‌كه‌یان له‌سه‌ر شه‌قامێك فرێداوه‌و ده‌ستیشی‌ به‌و جامانه‌یه‌ به‌ستراوه‌ كه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ بووه‌.

 

ئه‌و بیری‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كاتێك خێزانه‌ كوردو عه‌ره‌ب‌و مه‌سیحی‌‌و توركمان‌و شه‌به‌كه‌كانی‌ تیا ژیاون‌و هیچ رۆژێك هه‌ستیان به‌جیاوازی‌ ئاین‌و نه‌ته‌وه‌ نه‌كردووه‌ له‌نێوانیاندا.